PeyamaKurd - ڕاوێژکاری ئۆباما : پێگەی جیهانی ئەمریکا لەدەست چوو
جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کاردانەوە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند کە لە باشترین حاڵەت دا دۆخێکی کارەساتبار بۆ واشینتۆن ە.
بن ڕۆدز جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بە پاشەکشەی دۆناڵد ترامپ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، پێگەی جیهانی ئەمریکا لەدەست دەچێت.
ڕۆدز لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" (پێشتر تویتەر) نووسیویەتی: "لە باشترین حاڵەت دا ترامپ گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی ئەو گەرووەی کە بەر لە شەڕی بێ مانا دەستی پێکردبوو، کراوە بوو، سوپای پاسداران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووەکەدا نیشان دا و پێدەچێت جگە لە هەڵگرتنی سزاکان هەندێک تێچووی وەرگرتبێت".
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هەزاران کەسی بێ تاوان - لەنێویان دا سەدان منداڵ - بەبێ هۆکار لە لوبنان و ئێران کوژراون، ڕوونی کردەوە: "هێزەکانی ئەمریکا کوژراون و برینداربوون. باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".
بەرپرسە پێشووەکەی ئەمریکا دانی بەوەدانا: "جێگەی ئەمریکا لە جیهان دا لەناوچووە، تەقەمەنی ئەمریکا بە تووندی کەم بووەتەوە، سەدان ملیار دۆلار خەرج کراوە، نرخەکان لە هەموو شوێنێک بەرزبوونەتەوە، لێکەوتەی ئابووری جیهانی زیاتر لە پێشە، پووتین بەهێزتر و دەوڵەمەند بووە".
ڕۆدز زیادی کرد: تەنانەت لە باشترین بارودۆخیش دا، ئەمە دۆخێکی کارەسات بارە، قۆناغێکی قووڵی شەرمەزارکەرە لە مێژووی ئەمریکادا، گرینگ نییە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات.