PeyamaKurd - ھەڕەشەی نوێی كۆماری ئیسلامی لە كاردانەوە بە جووڵەی ئاسمانی ئیسڕائیل لە ناوچەكەدا
بارەگای خاتەمۆلئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ووڵاتانی دراوسێی ئێران دا بە کارێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تاران هەژمار دەکەن.
هەینی، بارەگای خاتەمۆلئەنبیای لە ڕاگەێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت ڕێگری لە ئیسرائیل بکات و کۆنترۆڵی بکات، ئەوە ئێران بەرامبەر بە هیچ هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەری بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی لێ ناکات."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، ئێران مافی تەواوی خۆیەتی ووڵامی ئەم هەنگاوە مەترسیدارانە بداتەوە کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم پەیامەی ئێران تەنها ڕۆژێک دوای لێدوانەکانی بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێت، کە تێیدا جەختی لە بەردەوامی هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی ووڵاتەکەی دژی ئێران و حیزبۆڵڵا و حەماس کردەوە و ڕایگەیاند "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات."