هاوکاری و پشتیوانی سەربازی و لۆجیستی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ، لەلایەن فەڕەنساوە ، ئەنقەرەی لە فەڕەنسا توڕە کردووە وەک دوو هاوپەیمانی ڕێکخراوی ناتۆ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەکر بۆزداغ سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ڕەخنەی توندی لە ئەو بڕیارەی فەڕەنسا گرت و ڕایگەیاند، فەڕەنسا بەو هەنگاوەی خۆی دەکاتە ئامانجی سوپای تورکیا.
فەڕەنسا بێ گوێدانە ڕەخنە و ئیدانەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ئاستی باڵادا، زیاتر جەخت لە هەماهەنگی هێزە کوردییەکان دەکات لە سوریا، بەگوێرەی میدیاکانی فەڕەنسا، ئیمانۆێل ماکرۆن پلانی ناردنی هێز دادەنێت بۆ مینبەج و هاوکاری کوردەکان لە بەرخۆدانیان دژی سوپای تورکیا.
بەم پێییەش، بایەخ نەدانی فەڕەنسا بە لێدوانە جیاجیاکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا، تورکیای زیاتر نیگەران کردووە و ناکۆکیەکانی نێوانیانی قوڵتر کردووەتەوە.
ئەگەرچی بە ڕواڵەت ، پشتگرتنی کوردەکانی سوریا لەلایەن فەڕەنساوە، وەک پشتگیری وخەمخۆرێکی دێرینی کوردەکان دەبینرێت، بەڵام بەپێی شیکردنەوەکانی جێرۆید کۆڵمان، کە شرۆڤەکارێکی جیۆپۆلتیکی بەناوبانگی فەڕەنسایە، ئەو پشتگیرییە رکابەری و"کۆنەقینی" نێوان دوو هاوپەیمانی ناتۆیە و لەسەر زەمینی سوریا و حسابی کوردەکان یەکلایی دەکەنەوە.
کۆڵمان ئاماژە بەوە دەکات " بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، بە تایبەت بۆ ناوەڕاستی سەدەی شازدە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، فەڕەنسا ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکانی وەک مقاشێک بەکارهێناوە لە دژی هێزەکانی ئەورووپای ناوەڕاست و ئیمپراتۆریەتی رۆمی، ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت تەنها رکابەرێتی نێوان دوو هاوپەیمانی ناتۆیە، بە تایبەت بەهۆی فەرەنسا، ترسی لە گەشەسەندن و هەژموونی سەربازی تورکیا هەیە لە ناوچەکەدا.
بە بۆچوونی ئەو شیکەرەوەیە، ئاماژەکانی ترامپ لەسەر جێهێشتنی سووریا و "لێگەرانی بۆ کەسانی دیکە" ڕاستەوخۆ مەبەستی لە فەڕەنسا بووە.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، واشینتۆن نایەوێت بە تەواوی دەستبەرداری کوردەکانی سوریا ببێت، و ڕەخنەکانی تورکیا لەسەر پشتگیری بۆ یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دابەش دەکات بەسەر هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە