پەیامی کورد....بەتەمەنترین پیاوی زیندووی جیهان دیاری کرا
دوای ئەوەی هەڵگری نازناوی پێشوو کۆچی دوایی کرد، جووتیارێکی ڤەنزوێلای تەمەن ١١٢ ساڵ بە فەرمی بووە بەتەمەنترین پیاوی زیندوو لە جیهاندا، ئەوەش بەپێی ئینسایکلۆپیدیای گینس بۆ تۆمارە جیهانییەکان.
ئینسایکلۆپیدیاکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (١٨ی ئایاری ٢٠٢٢) دەڵێت، ئێستا جووتیاری ڤەنزوێلای خوان فیسینتە بیریز بەتەمەنترین پیاوی زیندووە لە جیهاندا.
دەشڵێت، بیریز لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر باشدایە و بیریشی زۆر چاکە، ئەو منداڵی و هاوسەرگیری و ناوی خوشک و برا و منداڵ و نەوەکانی لە بیرە.
بیریز لە ٢٧ی ئایاری ١٩٠٩ لە ویلایەتی تاچیرای ڕۆژئاوا لەدایکبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە هاوکاری باوک و دایکی کردووە لە کاری جووتیاریدا.
بیریز هاوسەرگیری لەگەڵ ئادیوفینا دیل ڕوزاریودا کردووە و ١١ منداڵی لێ بووە، ٦٠ ساڵ پێکەوە ژیاون، بەڵام ساڵی ١٩٩٧ کۆچی دوایی کردووە.
ئێستا بیریز خاوەنی ٤١ نەوە و ١٨ نەوەی نەوە و ١٢ نەوەی نەوەی نەوەکانیەتی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە