ڕاوێژکارێکی بایدن دەستی لە کار کێشایەوە

ڕاوێژکارێکی بایدن دەستی لە کار کێشایەوە

پەیامی کورد... ڕاوێژکارێکی بایدن دەستی لە کار کێشایەوە

ئەنتۆنی فاوچی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی ئەمساڵ دەست لەکاردەکێشێتەوە و دەڵێت، "جارێ کاتی ئەوە نەهاتووە خانەنشین ببم".

لەمبارەیەوە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان و، ڕاوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ڕاگەیەندرواێکدا دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

هەروەها کۆتایی ئەمساڵ، تەمەنی ئەنتۆنی فاوچی دەبێتە ٨١ ساڵ، بۆیە ناوبراو بڕیاریداوە واز لە پۆستەکەی بهێنێت کە ماوەی ٣٨ ساڵە بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانییە بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید - ١٩) ش بووەتە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕەتی کردەوە خانەنشین ببێت و ئاماژەی بەوەدا، هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە خانەنشین ببم، پەرە بە کارەکەم دەدەم، لاپەڕەیەکی نوێ دەکەمەوە و، بە هەموو هێز و خولیامەوە بەردەوام دەبم.

لای خۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی ڕاوێژکارەکەی کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەنتۆنی فاوچییەوە، ئێستا ژیانی دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی پارێزراوە. لەو ماوەیەی کە بەرپرسی پەیمانگای نیشتمانیش بووە، زۆر کاری باشی بۆ ئەمریکا ئەنجام داوە و، پابەند بووە بە کارەکەی، سوپاسی دەکەین کە خزمەتێکی زۆری بە خەڵکی ئەمریکا گەیاندووە".

جێی باسە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠، فاوچی بووەتە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا بە کەسایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەناسێندرا. لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە زۆر ڕێزی لێ دەگیرێت، چونکە ٣٨ ساڵە بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکایە بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان و ڕاوێژکاری ژمارەیەک سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاش بووە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە