پەیامی کورد ... ژنێکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێداره درا
ژنێکی خەڵکی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی قوروە بە ناوی ”زەینەب خودامورادی“ ٤٢ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنه جێبەجێ کراوە.
ناوبراو کۆتایی مانگی ڕەزبەریش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزا سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی شاری سنە کرابوو، بەڵام مۆڵەتیان پێتدابوو کە بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن دابین بکات هەتا لەسێدارەی نەدەن.
زەینەب خودامورادی ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧١٥ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٥) بە تۆمەتی کوشتنی کۆرپە ١٢ ڕۆژەکەی خۆی بە ناوی ”محەمەد جواد“ و کچە تەمەن ٧ ساڵانەکەی هاوژینەکەی بە ناوی ”حەدیس“ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.
زەینەب کاتێک دوو گیان بووە و ئەو ماوەیەش کە لە نەخۆشخانە بووە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەرەوڕووی کەمتەرخەمی بووەتەوە و ئیزنی نەداوە کە ئەندامانی بنەماڵەکەی سەردانی بکەن و هەر بۆیە زەینەب لەکاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دۆخی دەرونی ناجێگیر بووە و تووشی خەمۆکی بووە.
زەینەب خودامورادی پێش ئەوەی ئەو دوو منداڵە بکوژێت لە سەر لاقی خۆی نوسیبووی ” من خۆم و منداڵەکانم کوشت هەتا لە دەستی داوود (هاوژین)، سارا (هێور) و خەسووم ڕزگارمان بێت“، بەڵام دوای کوشتنی دوو منداڵەکە بە هەر هۆکارێک بووە خۆی نەکوشتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە