بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
ئەمرۆ چوارشەممە 02-05-2018 لە هەولێر کۆنفرانسەکە دەستبەکارەکانی دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان، بەهێزكردنی ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانی بواری گەشتوگوزار لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لە چەند پانێڵ و گوتارێکدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، چەندین میوانی ئێرانی و عێراقی لەوانە، محەممەد سوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق، حهسهن دانایی فهڕ، نوێنهری سهرۆككۆماری ئێران بۆ گەشەپێدانی هەناردەکردنی نێوان ئێران و عێراق و، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
هەروەها پارێزگاری تاران، یاریدەدەری پارێزگاری سنە، بابازادە سەرۆكی ژووری بازرگانی ورمێ، پارێزگاری كرماشان، یاریدەدەری پارێزگاری ئەسفەهان، د. نەجەفی بەڕێوەبەری گشتی شارە پیشەسازییەكان، سەرۆكی ژووری بازرگانی كرماشان، پارێزگاری ورمێ، د. حوسێنی سەرۆكی ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراقی–ئێرانی، عەسكەری بەڕێوەبەری گشتی گومرگ، سنجابی، سەرۆكی دەزگای پەرەپێدانی هەناردە و، سەرۆكی ژووری بازرگانی ورمێ لە ئێرانەوە هاتوون و بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن.
کۆنفرانسەکە لەلایەن ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رێکخراوە، بڕیارە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، محەممەد سوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق، د. شەریعەتمەداری، وەزیری بازرگانی ئێران و د. عەلی سندی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان گوتار پێشکەش بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە