پەیامی کورد... ناسا: دیاردەی "مانگی خوێن"ی ڕوو دەدات
نوح پیترۆ، زانای جیۆلۆجی و هەسارە ناسی ئاشکرای کردووە، شەوی یەکشەممە ١٥ی ٥ی ٢٠٢٢، جیهان دیاردەی مانگ گیرانی تەواو، کە بە مانگی سوور و "مانگی خوێنی"یش ناودەبرێت، دەبینێت کە دیاردەیەکی سروشتییە و ماوەی ١٠ ساڵە ڕووی نەداوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، سبەی شەو مانگ بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێر و نیوێک ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سوور و پرتەقاڵی، ئەم دیاردەیە بە درێژترین ماوە هەژمار دەکرێت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا.
نوح پیترۆ، زانای جیۆلۆجیی هەسارەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو مانگ گیرانە لە هەر دوو کیشوەری ئەمریکا دەبینرێت، لەگەڵ بەشێکی ئەفریقا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەشڵێت، "زۆر بە ڕوونیش دیار دەبێت".
سەبارەت بە شێوازی ڕوودانەکە و دووری مانگ، پیترۆ دەڵێت، "تەواوی مانگ گیرانەکە کاتێک ڕوو دەدات، کە زەوی ڕاستەوخۆ لە نێوان مانگ و خۆردا تێدەپەڕێت و مانگەکەش ٣٦٢ هەزار کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوور دەبێت، هەروەها لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکاوە بە ڕوونی دەبینرێت."
هاوکات، بڕیارە ئاژانسی ناسا دیاردەی مانگیرانەکە لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا بگوازێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە