پەیامی کورد... ماڵی بەرپرسێکی عێراق بە مووشەک کرایە ئامانج
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵی ئەحمەد ئەبوو ڕغیف، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری هەواڵگری، لە بەغدا بە مووشەک کرایە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی دەزگای هەواڵگری و دەزگای فیدراڵی بەسەر تیرۆریزم و چەتەی تاوانەکانی ڕێکخراو، هەندێک لە سەرپێچیکارەکان و لە یاسا دەرچووان هەوڵیاندا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بە مووشەکی کاتیۆشا ماڵی ئەحمەد ئەبوو ڕغیف، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگرییان کردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی ئەو کەس و لایەنانە شکستی هێنا کە ماڵی ناوبراویان بە ئامانج گرتووە، تەنیا زیان بە بەشی دەرەوەی ماڵەکەی گەیشتووە.
دەشڵێت، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و شوێنی هەڵدانی مووشەکەکەش دۆزراوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە و توندترین سزاش بەسەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەدا دەسەپێنرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە