پەیامی کورد … سێ هاووڵاتی کورد وەکوو ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی فینلاند هەڵبژێردران
سێ كوردی دانیشتووی فینلاند، بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی فینلاند و چوار كەسیش وەك جێگر لە ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە وڵاتی فینلاند هەڵبژێردران.
ڕۆژی یەكشەممە 13/6/2021 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە فینلاند، بە بەشداریی 35627 بەربژێر و لەناویاندا 30 بەربژێری كورد، بەڕێوە چوو.
55٪ی مافدارانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدارییان كرد و لەو هەڵبژاردنانەشدا حیزبی هاوبەندیی نشتیمانی زۆرترین دەنگەكانی هێنا و بوو بە گەورەترین حیزبی شارەوانییەكان لە فینلاند، بە دوای ئەودا حیزبی سۆسیال دێموكرات كە حیزبی سەرۆكوەزیرانە. حیزبی ڕاستڕەوی فینلاندییە ڕەسەنەكان كە دژی سیاسەتی كۆچبەری و هاتنی كۆچبەرن بۆ وڵاتی فینلاند، براوەی سەرەكیی ئەو هەڵبژاردنانە بوون و ژمارەی نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنی شارەوانی دووقات زیاد كران.
لەناو بەربژێرە كوردەكاندا، محەمەد (موحیس) عەزیزی، بورهان ئەحمەدی لە شاری توركۆ، قادر تووران لە شاری سیپۆ بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەكانی خۆیان هەڵبژێردران و شەیدا سۆهرابی لە شاری هێلسینكی، گەشاو بیبان لە شاری ڤانتا، فیلیز چەلیك لە شارۆچكەی ڤیرۆلاهتی، ئەركان گۆزەل لە شاری ڕاوما و محەمەد باتمان لە شاری كۆككۆلا بە جێگری ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەكانیان هەڵبژێردران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە