پەیامی کورد ... فەرماندەی پێشمەرگە ی میحوەری پردێ ڕایگەیاند : داعش هاتوونەتە سەر رێگەی نێوان پردێ و كەركووك، سوپاسالاری پێشووی عێراقیش رایدەگەینێت، بە ھۆی نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆشاییەكی ئەمنیی گەورە درووست بووە.
جمووجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك و بە تایبەت لە ناوچە كوردنشینەكان و بەرزاییەكانی كانی دۆمەڵان سەری هەڵداوەتەوە، لە ماوەی هەفتەیەكیشدا شەش جار هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی عێراق و كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە.
سەبارەت بەو پرسە، نووری حەمەعەلی، فەرماندەی پێشمەرگە میحوەری پردێ ، رایگەیاند: "لە پردێ جموجۆڵی داعش نییە، بەڵكوو جموجۆڵەكانیان لە سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی عێراقە نەك لای ئێمە، هێرشەكەی ئەم دواییانەی داعشیش لە كانی دۆمەڵان بووە، كە لەوێ كردەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، جموجۆڵەكانیش زیاتر لە ناوچەكانی دوبز، داقووق، ریاز و رەشاد ئەنجام دەدرێن".
هەر لەو بارەیەوە، بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، ڕایگەیاند، داعش بۆ ھەرێمی كوردستان مەترسی نییە، چونوكە هێزی پێشمەرگە ھێڵێكی بەھێزیان درووست كردووە، بەڵام ئەم مەترسییە بۆ ناوچە كوردستانییەكان زۆرە.
پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەكانی كانی دۆمەڵان بوون، بەڵام دوای ئەو رووداوانە، نەتوانراوە ئەو ناوچانە بپارێزرێن.
بە ووتەی فەرماندەی میحوەری پردێ، چەكدارانی داعش نەك تەنیا لە كانی دۆمەڵان، بەڵكوو هاتونەتە سەر رێگەی نێوان پردێ و كەركووك، هەروەها لای سەیتەرەی كەركووك لە هاووڵاتیان و پۆلیسی كەركووكیان داوە، بەو هۆیەشەوە كوژران و برینداربوونی پۆلیس و هاووڵاتیانی لێ كەوتووەتەوە.
بابەكر زێبارییش دەڵێت، ھێزە عێراقییەكان لە جیاتی رێگریكردن لە داعش، گەنمی جووتیاران دەسووتێنن و پشتگیری لە عەرەبی ھاوردە دەكەن، بۆیە بە ڕای ئەو، داعش و ھێزە عێراقییەكان ھەردووكیان پێكەوە تەعەدا لە كورد دەكەن.
نووری حەمەعەلی ڕاشیدەگەینێت: "باشترین رێگەچارە تێگەیشتنی عێراقە و دەبێت رێك بكەون لەگەڵ ئێمە، چونكە هێزی پێشمەرگە پەروەردە كراوە بە پاراستنی ئەم نیشتمان و نەتەوە و خاكە، هەروەها ڕاستەوخۆ دوژمنی سەرسەختی داعشە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو ناوچانە پارێزراو دەبن و كەركووكیش سەقامگیر دەبێت.
ناوبراو، ئومێدیشی بەوە هەیە كە هەردوولا رێك بكەون و بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە