پەیامی کورد... هونەرمەندێکی کورد مەترسیی سێدارەی لەسەرە
هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشان، دوای سێ حەوتوو لەدەستبەسەرکرانی، دەزگای دادیی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی موحاریبە بە واتای جەنگ لەگەڵ خودای بەسەردا سەپاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیشتنی دادگای سامان یاسینی تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە تاران و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەشکراو ناوبراو بە "محاربە" جەنگ لەگەڵ خودا تۆمەتبار کراوە.
ب ە هۆی ئەم تۆمەتە لە دەزگای دادی ئێراندا ئەگەری هەیە کە سزای سێدارە بە سەر تۆمەتباردا بسەپێت.
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵەکەی خۆی ڕفێندرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستی هەنگاو، سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی بووە.
سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر خەڵک بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵک دەربڕیوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە