پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: "رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سوودان بەرەو خراپبوون دەچێت"
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سوودان بە شێوەیەکی دراماتیکی بەردەوام بەرەو خراپبوون دەچێت.
گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، ئالیساندرا ڤیلوسی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان کرد.
لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتەبێژی کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، راڤینا شامداسانی ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەی ماوەی دوو هەفتەیە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا درێژەی هەیە ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی مەدەنی دروست بووە.
شامداسانی رایگەیاند: "رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سوودان بە شێوەیەکی دراماتیکی بەردەوام بەرەو خراپبوون دەچێت. سەدان هەزار کەس لە پێناو دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و لە رێگادا رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە".
هەروەها شامداسانی باسی لەوە کرد کە هەزاران کەس لە ناوچەکانی پێکدادان گیریانخواردووە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزی نیمچە سەربازیین بە زۆر خەڵکی لە ماڵەکانیان دەردەکەن.
گوتیشی: "لەم قۆناغەدا سوودانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی کێشەی خۆراک، کارەبا، سووتەمەنی، خزمەتگوزاری تەندروستیی بوونەتەوە، هاوکات بەهۆی داخرانی بانکەکانیشەوە کێشەی پارەی نەقدیان بۆ دروست بووە".
شامداسانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە رێککەوتنی لایەنەکان لە سوودان لەسەر ئاگربەست، ئەوەشی خستەڕوو کە لە شوێنە قەرەباڵغەکانی وەک خەرتوم و دارفۆر شەڕ و پێکدادانەکان درێژەیان هەیە.
هەروەها شامداسانی باسی لەوە کرد کە لە هەندێک گرتووخانەی سووداندا سزادراوەکان ئازادکراون یان هەڵاتوون، بەهۆی ئەوەشەوە نیگەرانی زۆر هەیە لە بارەی بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان.
راشیگەیاند: "داوا لە لایەنەکانی سوودان دەکەین بەپەلە کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا و ژێرخان نەکەنە ئاماج. پاراستنی گیانی مەدەنی پێش هەموو شتێکە".
هاوکات گوتابێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، بریندا کاریوکی باسی لەوە کرد کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی سوودان بەهۆی توندبوونی پێکدادانەکانەوە پێویستی بەپەلەیان بە هاوکارییە، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ناتوانرێت هاوکاریان بکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە