پەیامی کورد... فاو: ٢٥ ملیۆن تۆن گەنم لە ئۆکراینا گیری خواردووە و ناتوانرێت بگاتە بازاڕەکانی جیهان
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" ڕایگەیاند، بەهۆی داخرانی بەندەرەکانی ئۆکرایناوە نزیکەی ٢٥ ملیۆن تۆن گەنم لەو وڵاتە گیری خواردووە و ناتوانرێت بگوازرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، دواکەوتنی ئەو گەنمە زیانی بۆ ئابووری جیهان هەبووە و ئاماژە بەوە دەکەن، پەککەوتنی گەیشتنی ئەو کاروانە گەورەیەی گەنم بە بازاڕەکانی جیهان، هۆکار بووە بۆ بەربوونەوەی نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان.
لە بەشێکی دیکەدا هۆشداری دەدەن سەبارەت بە ئاستەنگەکانی گەنم لەمساڵدا و دەڵێت، "مانەوەی سایلۆکان بە پڕی لە بەندەرەکانی ئۆکراینا، کێشە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ دروست دەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی تەممووز و ئابی داهاتوودا وەرزی دروێنە کردن دەست پێ بکات."
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە ئۆکراینا دیار نەماوە، کە لەو بڕوایەدان سوپای ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتبێت.
هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و پەککەوتنی بەشێک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە، نرخی بەشێک خۆراکی لەسەر ئاستی جیهان بەرز کردووەتەوە و هۆشداریش دەدرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگەکە، ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە