"بەغدا ناتوانێت بەبێ هەرێمی كوردستان نەوتی هەرێم بەڕێوەببات"

"بەغدا ناتوانێت بەبێ هەرێمی كوردستان نەوتی هەرێم بەڕێوەببات"

راوێژكارێكی پێشووی وەزارەتی سامانەسرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق رازی بووە كە حكوومەتی هەرێم خۆی ئیدارەی نەوتی خۆی بكات، چونكە بەپێی دەستووری عێراق بەغدا ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی هەرێمی كوردستان ئیدارەی نەوتی هەرێم بكات.

 

 عەلی بەلۆ شارەزای بواری نەوت و راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانەسرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدراوە لەبارەی كێشەی نەوت و بەغدا رەزامەندی داوە كە هەرێم ئیدارەی نەوتی خۆی بكات و ئەو پارەیەشی لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە دابین كراوە بەبێ‌ بەرانبەرە.

زیاتر گوتی، پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاستێكی باشی بڕیوە، بەڵام پێویستە كورد یەكگرتوو بن و پشتیوانی لە قەوارەی هەرێمی كوردشتان بكەن. بەڵۆ ڕوونیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان ئەگەر نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات دەبێت مەرجی ئەوەی هەبێت كە ئابووری كوردستان بووژانەوە بەخۆی ببینێت.

ئەو شارەزایەی نەوت دووپاتی كردەوە كە بەپێی مادەی 112 لە دەستووری عێراق، بەغدا ناتوانێت بەبێ هەرێمی كوردستان ئیدارەی نەوتی هەرێم بكات و پێویستە هەركارێك بكرێت بەرەزامەندی هەرێمی كوردستان بێت.

لێدوانی ئەو راوێژكارەی پێشووی وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان لە كاتێكدایە كە دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە بەغدا بەو مەرجە پارە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات كە نەوتی خۆیانی رادەست بكەن و دەست بەسەر تەواوی داهاتی كوردستاندا بگرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە