پەیامی کورد...مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كرد و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیایان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: "ئەمڕۆ پێشوازيمان له بەڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد، گفتوگۆمان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرد."
سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، سڵاو و ڕێز و بانگهێشتنامەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای پێگەیاندین بۆ سەردانی ڕۆما، ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو خۆی بە دۆستێکی کۆنی گەلی کوردستان دەزانێت و جەختیشی لە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە کردەوە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "سوپاسی ئیتاڵیامان کرد، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پشتیوانی گەلی کوردستانە، هیوادارین پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەکاندا زیاتر بەرەو پێش بچن، بە تایبەتی کە دەرفەتی زۆر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیتاڵیا، هەیە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە