پەیامی کورد ... بزووتنەوەی گۆران ڕاگەیندراوێکی بەپەلە بڵاو دەکاتەوە
ووتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، هەندێک کەس و لایەن لەچوارچێوەی شەڕی دەروونی دژ بە بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان، "پڕووپاگەندەو درۆی ژەهراوی" بڵاودەکەنەوە، کە گوایە گۆڕان کۆمپانیای بازرگانی هەیەو لە دەروازەکان کار دەکات، دەشڵێت، "قسە فڕێدان بەمەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن، بۆ پەردەپۆشکردنی راستیەکان و وون بوونی کەیسەکە و تەڕ و ووشک پێکەوە سووتاندن، ناچارمان ئەکات پەنا بۆ رێکاری یاسایی ببەین".
ووتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هەندێک لایەن و کەس و ماڵپەڕ، لەچوارچێوەی شەڕی دەروونی دژ بە گۆڕان و گۆڕانخوازان، پڕوپاگەندەو درۆی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە، کە گوایە گۆڕان کۆمپانیای بازرگانی هەیەو لە دەروازەکان کار دەکات، ئەو لایەنانە، کە خۆیان رۆژانە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نایاساییانەی داهاتن لە دەروازەکان، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کارە دزێوەو دزیکردن لە داهاتی گشتی و قووتی هاونیشتمانیان، لەرێگەی ئۆرگانەکانیان وەیا ئەو کەسانەی خزاونەتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەکانیان، دەیانەوێت گۆڕان وەک خۆیان وێنا بکەن".
لە راگەێندراوەکەی گۆڕاندا هاتوە، "گەر هەر جۆرە زانیاری و دۆکۆمێنتێکی لایە لەسەر بوونی کاری بازرگانی بەناوی گۆڕانەوە، پێشکەشی ڕای گشتی و لایەنی پەیوەندیداری بکەن. بەپێچەوانەوە، قسە فڕێدان بەمەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەتهەڵبەستن، بۆ پەردەپۆشکردنی راستییەکان و وون بوونی کەیسەکە و تەڕ و وشک پێکەوە سوتاندن، ناچارمان ئەکات پەنا بۆ رێکاری یاسایی ببەین".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت ئەم راستیانە بۆ هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بخاتەڕو.
یەکەم: بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کۆمپانیایەکی بازرگانی نیە.
دوەم: بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کارێکی بازرگانی لەدەروازەکان و دەرەوەی دەروازەکان ناکات.
سێیەم: بزووتنەوەی گۆڕان بەئەرکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەزانێت، هەموو ئیجرائاتێکی یاسایی و ئسوڵی پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەو کارە نایاسایی و دزی کردنە لە مەرزەکان و قۆرخکاری بازاڕ و برەودان بە کۆمپانیای حزبی.
چوارەم: درووشمی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاو لە ئایندەشدا، دوور خستنەوەی دەستی حزبە لە بازرگانی و قۆرخکاری وکۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ لەلایەن کەرتی حزبی و کەسایەتیە بەرپرسەکانی حزبەوە، بۆ ئەو ئامانجە خەباتمان کردوەو بەردەوام ئەبین.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە