هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان "کۆسرەت ڕەسول"ی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ئەرکی مێژوویی خۆی جێبەجێ بکات.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و خێزانی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، لە نامەیەکدا بۆ کۆسرەت رەسوڵ داوای لێکردووە هەرچی زووە کادیرانی یەکێتی بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادە بکات.
هێرۆ، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی رۆژی كۆنگرە، بووەتە مایەی نیگەرانیی خۆم و هەموو جەماوەری یەكێتی“.
هێرۆ هۆشداریی دەداتە کۆسرەت رەسوڵ و دەنووسێت: "هیوادارم کە بەرپرسیارەتی سەر شانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بکەیت بۆ ئەوەی کە ناوت وەک هەڵوەرێنەری چەپکە گوڵەکەی مام و یەکێتی نەچێتە لاپەڕەکانی مێژووەوە".
هاوکات هۆشداری داوە و وتوویەتی: ”بۆ دواجار وەك خوشكێك داوات لێ دەكەم كە بەزووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە سازبكرێت“.
کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی سبەی یەکشەممە 25/2/2018ی وەک دوایین ڕۆژ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی دیاری کردووە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر تا ئەو کاتە بڕیار لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەدات، ”ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی مێژوویی“ دەبێتەوە.

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە