پەیامی کورد ... سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە سەر بابەتی داعش پەیامێک ئاراستەی هەردوو سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت دەکات .
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، داوا لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە هەستیاری و بایەخەوە لە خۆ ڕێکخستنەوەی داعش بڕوانن و پێداویستیە لۆجستی و مرۆییەکانی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەزوویی دابین بکەن.
شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر هێزەكانی لیوای 5ی پێشمەرگە لە ناوچەی كوڵەجۆی قەزای كفری و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون، پێشمەرگەیەکی دیكەش برینداربو.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانمان پێگەشت، کە لە هێرشی تیرۆرستانی داعشدا و لە پێناوی پاراستنی کوردستانیان گیانیان بەخشی".
ئاماژەی بەوەشکردوە، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادە و هەڤاڵانیان و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ برینداران، داوا لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێم دەکات بە هەستیاری و بایەخەوە لە خۆڕێکخستنەوەی داعش بڕوانن و پێداویستیە لۆجستی و مرۆییەکانی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەزوویی دابین بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردوە، "ئەم هێرشە ناوبەناوانە، کە بەداخەوە هەموو جارێک بە خوێنی ئاڵی شەهیدان بەرپەرچ دەدرێنەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم".
بەیانی ئەمڕۆ عەمید کەمال مەحمود، بەرپرسی لیوای ٥ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆ راگەیاند، لەسەرەتادا داعش هێرشەکەی بە هاوەن دەستپێکرد بۆ ناو سەر ناحیەی کوڵەجۆ، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە بڵاوبونەوە، چەکدارانی داعش بەقەناس هێرشیانکردوەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە.
باسی لەوەشکردوە، چەکدارانی داعش لەنێو باخ و دارستانی نزیک رووباری سیروان خۆیان حەشارداوە و ناوبەناو هێرش ئەنجام دەدەن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە