پەیامی کورد ... كۆتایی بە فرە مووچەیی دێت
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، ھاووڵاتیان بەرھەمی چاكسازی دەبینن و كۆتایی بە دیاردەی فرە مووچەیی دێت، بۆ ئەوەی یەكسانی بەرقەرار بێت.
رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: "یاسای چاكسازی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانەش وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكوومەت و یەكخستنی خانەنشینی و دروستكردنی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی یەكگرتوو، واتە خانەنشینی سەربازی و شارستانی یەك دەخرێت و دەچێتە چوارچێوەی خانەشینی گشتی و سەر بە حكوومەت".
پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "تا عەدالەت بەرقەرار بێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆتایی بە فرە مووچەیی دێنێت و ھەر كەسێك تەنیا یەك مووچەی پێدەدرێت، ئەوانەیشی شایستە نین، مووچەكانیان دەبڕدرێت، بۆ نموونە ئەوانەی شەھید نەبوونە و خراونەتە لیستی شەھیدانەوە، مووچەیان پێنادرێت".
رێبوار بابكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پەرلەمانی كوردستان چاودێریی ھەنگاوەكانی حكوومەت دەكات بۆ جێبەجێكردنی یاساكان، لیژنە تایبەتمەندەكانیش چاودێریی چڕی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن، تا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە