پەیامی کورد... لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا، 476 كەس گیانیان لەدەستداوە
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران كەبارەگاكەی لەنەرویجە ڕایدەگەیەنێت: ژمارەی ئەوكەسانەی لەخۆپیشاندانەكانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 476 كەس.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران بڵاویكردەوە: لەو 476 كەسەی گیانیان لەدەستداوە 34یان ژنن و 64یشیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوەیە، لەكۆی 31 پارێزگای ئێران زانیاری لەبارەی 26 پارێزگای لەخۆگرتووە، زۆرینەی قوربانییەكان لەپارێزگای سێستان-بەلۆچستانی سوننەنشینن.
راشیگەیاند: لەو كەسانەی لەئێران بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە، یەكەم كەسیان بەناوی موحسین شیكاری پاش 75 رۆژ لەدەستگیركردنی لەهەشتی كانوونی یەكەمدا سزاكەی لەسەر جێبەجێ كرا ومەجیدرەزا رەهنەڤەردی دوای 23 رۆژ لەدەستگیركردنی لە 12ی كانوونی یەكەمدا لەسێدارەدرا.
لەراپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە: لانیكەم 100 كەس رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی بوونەتەوە. رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، رەخنەی لەدەسەڵاتی دادوەریی ئێران گرتووە بەوەی شەفاف نییە لەدۆسیەكانی لەسێدارەداندا.
رۆژی 13ی ئەیلوول دوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە بەپاساوی "پابەند نەبوون بەیاساكانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان رەوشی تەندروستی تێكچوو وگوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی 16ی ئەیلوول ئەمینی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. مەرگی مەهسا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان وناڕەزایەتی لەزۆربەی شارەكانی ئێران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە