پەیامی کورد ... بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی و کۆمەڵ کۆدەبێتەوە
رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای گۆڕان بە سەرۆکایەتی رێکخەری گشتی گۆڕان سەردانی پارتی و کۆمەڵ دەکات و لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لەبارەی یاسای چاکسازی و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن.
دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی رێکخەری گشتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەیە کە گۆڕان بە پێویستی زانیوە بۆ خوێندنەوەی هەلومەرجی بابەتی، سیاسی و داراییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هێزە سیاسیە کاریگەرەکانی هەرێمی کوردستان دابنیشن گفتوگۆ بکەن و بەهەمویانەوە ببنە هێزێکی گەورە بەئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی لە حکوومەتن بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی جێبەجێ ببێت.
بەپێی ووتەی دلێر عەبدۆلخالق سەردانی شاندی گۆڕان بۆلای لایەنەکان کە لە دوێنێ وە دەستیپێکردوە، "زنجیرەیەک سەردانە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازی".
ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە لەگەڵ پارتی رێککەوتنێکمان هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدواداچوون بۆ ئەو رێکەوتنەش دەکرێت، لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کە راستە ئەوان هێزێکی ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام کاری هاوبەشمان هەیە و بەردەوام هەماهەنگی سیاسیمان هەیە و دەتوانین لە زۆر ئاستدا کاربکەین".
لەبارەی وادەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان روونیکردەوە، "ئەوەی بە ئێمە و تیمی گۆڕان لە حکوومەت وتراوە، یاسای چاکسازی لە ١-٧-٢٠٢٠ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەوە ئەولەویەتی سیاسیە، بۆ هەرێمی کوردستانیش دەرمانی ئەو دەردەیە کە ئێستا تیایەتی، بەبێ چاکسازی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی نابێت کە چ بەغدا و ووڵاتانی دیکە حسابی بۆ بکات، بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵک و روبەڕوی گەندەڵی ببینەوە و کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، کە چاکسازی بەشێکی گرینگە و بەبێ ئەوە ناتوانین روبەڕوی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە ئێستا روبەڕوی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوارەی هەرێم بوەتەوە".
دوێنێ یەکشەممە شاندێکی باڵای گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەبارەی یاسای چاکسازی و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە