پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردن به‌ده‌نگی ٧١ په‌رله‌مانتار په‌سندكرا

پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردن به‌ده‌نگی ٧١ په‌رله‌مانتار په‌سندكرا

پەیامی کورد     ...  پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردن به‌ده‌نگی ٧١ په‌رله‌مانتار په‌سندكرا 

کاتژمێر ٢ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 29/9/2020، به‌سه‌رۆكایه‌تی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٧)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌یه‌ك خاڵ پێكهاتبوو كه‌ئه‌ویش بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (97، 96، 93، 91، 90) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

سه‌ره‌تا د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پۆخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مووڵه‌تى خوێندرایه‌وه.

پاشان به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان چه‌ندین بابه‌ت و پرسی گرنگ خرانه‌ڕوو كه‌په‌یوه‌ست بوون به‌بارى دارایی و مووچه‌و پرسی خاڵه‌سنوورییه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیرى دارایی ئه‌ماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌بن و روونكردنه‌وه‌ى پێویست سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ى كه‌ ئێوه‌ باسى ده‌كه‌ن ده‌خه‌نه‌ڕوو". 

دواتر به‌پێى تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی راپۆرتی لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌و دوای خوێندنه‌وه‌ى ناوونیشان و ماده‌ به‌ماده‌ى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌گه‌ڵ پێشنیازی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك، له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌جیا به‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك خرابوونه‌ڕوو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دانیشتنی پێشوودا پێشنیازكرابوون، ناوونیشان و سه‌رجه‌م ماده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌و سێ پێشنیازه‌ى كه‌بۆى كرابوو، به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكران. 

پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ ٧١ ده‌نگ په‌سند كراو به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ ١٨ ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌و مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی بۆ پارێزگاریكردنه له‌موڵك و ماڵی گشتی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و راسپێردراوان به‌ڕاژه‌ی گشتی له‌ڕێگه‌ی چاوپۆشی نه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانى پشتگوێخستن و كه‌مته‌رخه‌می یان به‌ئه‌نقه‌ست زیانگه‌یاندن به‌موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت یان سه‌رپێچیكردنی یاساو بڕیارو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ به‌ركاره‌كان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە