پەیامی کورد ... دواهەمین بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی قوتابخانەکان بەم شێوەیە ڕاگەیندرا
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا رایدەگەێنێت دوای ئەوەی بڕیاری خوێندنی ئۆنڵاین ناڕەزایی لێ كەوتەوە، بڕیارە گۆڕانكاری لە شێوازی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵدا بكرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت. وەزارەتی پەروەردەش رایگەیاند، بڕیارە وەزارەت كۆبوونەوەیەك ساز بكات و رێنمایی نوێ بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن دەربكات.
ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، گوڵستان باقی، ڕایگەیاند : "بڕیار درابوو كە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ ھەم ئۆنڵاین و ھەمیش لەناو پۆل بێت، بەڵام ھەردووكی ناڕەزایی لێ كەوتەوە، چوونكە لەناو پۆل سێ رۆژ بە سێ رۆژ ئەركی مامۆستا زیاد دەبێ و ئۆنڵاینیش سیستمێكی قورسە، بە تایبەت بۆ قوتابیانی پۆلی یەك تا ١١، لەبەر ئەوەی قوتابی پۆلی یەك ناتوانێ بە شێوەی ئۆنڵاین بخوێنێت و لەناو پۆلیش رەنگە نەتوانێ خۆی بپارێزێت و دەبێتە ھەرەشە بۆ سەر خۆی و خێزانەكەشی، بۆیە بڕیارە لەم چەند رۆژەدا ھەردوو وەزارەت بڕیاری كۆتایی لەبارەی شێوازەی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن بدەن".
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا گوتیشی: "لەم مانگەدا پرۆسەی خوێندن دەست پێناكات و ئەگەر دۆخی تەندرووستی رێگر نەبێت، مانگی داھاتوو دەست پێدەكات، بەپێی شێوازێك كە بڕیارە ھەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر بدەن".
دەشڵێ، تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نییە كە چوونە ناو پۆل یان بە شێوەی ئۆنڵاین، ئارەزوومەندانە بێت، چوونكە ئەمە بۆ پۆلە سەرەتاییەكان كە مامۆستا دەستی قوتابی دەگرێت تا فێر بێت، زۆر زەحمەتە.
لە لایەكی دیكەشەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "بڕیارە لەم چەند رۆژەدا ئەنجوومەنی وەزارەت كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات و تێیدا بڕیار و رێنمایی نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدرێت، كە بە ھەمان شێوەی ڕابردوو بێت یاخود گۆڕانكاری بەسەردا بێت، چوونكە ئەوەی ئێستا ھەیە، ناڕەزایەتیی لێ كەوتووەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكاری لەوەدا بكرێت كە لە كۆرسی یەكەم، خوێندن جگە لە پۆلی ١٢، بە شێوەی ئۆنڵاین بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە