پەیامی کورد.... خۆپیشاندان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە
لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە گرتنگەی ''گەشتی ئیڕشاد''ی تاران کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا، ئێستا شەپۆلێکی نوێی مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێ کردووە.
بەپێی ئەو زانیاری و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 8/10/2022 خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، جوانڕۆ، مەهاباد و بۆکان و چەند شاری دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕی ئەو شارانە درێژەیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دژی حکوومەتی ئێران دا.
هەر بەگوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ لە بەردەرگای زانکۆی (شەریف)ی تاران خۆپێشاندان دەستی پێ کردەوە و ناوەندی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە هاوکات خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە گەوهەردەشتی کەرەج، زانکۆی تەکنۆلۆژیی تاران، زانکۆی ئازادی مەشهەد و قەزوین، زانکۆی ئازادی خۆراسگان دەستی پێ کردووە و لە شارەکانی سەقز و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خۆپێشاندان بەردەوامە.
هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی، لە هەفتەی ڕابردووەوە قوتابییانی زۆربەی زانکۆکانی ئێران دەستیان بە مانگرتن و خۆپێشاندان کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە