پەیامی کورد ... لە لایەن پژاک ەوە گەنجێک لە ڕۆژهەڵات بە ٦ گوللە دەکوژرێت
ماوەیەک لەمەوبەر هەواڵى کوشتنى لاوێکى گوندى ڕوارى هەورامان لە لایەن کۆمەڵێک چەکدارى پارتى ژیانەوەى کوردستان کە بە پژاک ناسراوە و باڵى ڕۆژهەڵاتى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە یە ، بڵاو بووەوە و خەڵکەکە لە هەبوونی ئەم پارتە لە ناوچەکەیان ناڕەزایەتی و دڵگرانی خۆیانیان دەربڕیەوە
لەپەیوەندییەکدا لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەوە ئاشکرا دەبێت سەرەڕاى ئەوەى کە بە جۆرێک ترسیان لە گوتنى دۆخە نەخوازراوەکەیان هەیە، بەڵام چەندین کەسیان تایبەت لێدوانیان داوە
پیاوێکی بەساڵاچووى گوندى ڕوار باسى لەوە کرد کە "ئێمە چەندین ساڵ بوو لە گوندەکەمان نەمابووین و زۆرێک لە خەڵکەکەمان ڕوویان کردبووە شار، بەڵام بە درووستکردنى بەنداوى داریان و بووژانەوەى باخ و ناوچەکەمان زۆرێکمان گەڕاینەوە گوند و لەبەر گەرماى هاوینانیش ١٠ تا ١٢ بنەماڵەمان هەمیشە ڕوو دەکەینە هەوارى ژۆنى و خەریکى ئاژەڵدارى دەبین ."
هەر ئەم پیاوە باسى لەوە کرد کە ئەوان دەیان ساڵ لەو هەوارە بوونە کێشەیان نەبووە بەڵام ئێستا "کۆمەڵێک چەکدارى پژاکى پەکەکە هاتوونەتە هەوارەکەمانەوە و وەک چەتە کار دەکەن و یەک هیواى کوردانەیان پێوە دیار نییە و تەنیا خەریکى ڕێگرین لە خەڵکى ناوچەکە و زۆریان بۆ هێناوین".
لاوێکی خەڵکى گوندى ڕواریش کارەساتى کوشتنى سۆرانى ئەختەر سەمەر دەگێڕیتەوە "ئەم کوڕە دوو شەو بەر لە کوشتنى، لە لایەن دوو هاوڕێیەوە کە لە هەوارى ژۆنین و خەریکى ئاژەڵدارین، تەلەفۆنى بۆ دەکرێت و داواى پاتری لێ دەکەن تا بۆیان ببات. ئەویش لە مەریوانەوە لەگەڵ مامى بەڕێ دەکەوێت و دەڕوات بۆ لایان، هەرچەندە ناوچەکە سەختە بۆ لێخوڕینى ئۆتۆمبێل بەڵام دەگەنە سەرەوە و چەکدارەکان مامى بەڕێ دەکەنەوە خوارەوە و دواتر کە مامى گوێى لە دەنگى تفەنگ و تەقە دەبێت، دەگەڕێتەوە دەبینێت دەست و قاچ و ددانى سۆران شکێنراوە و شەش گوللەشى پێوە نراوە و کوژراوە، دوای ئەم ڕووداوە دەگەرێتەوە شار و هەواڵ بە دەزگای زانیاری و هەواڵگری ئێرانیش دەدات و ئەو دوو کوڕەى کە تەلەفۆنیان بۆ کردووە دەستبەسەریان دەکەن و ئێستا چەندین ڕۆژە بێ سەروشوێنن".
هەندێک لە خەڵکى گوندەکە باس لەوە دەکەن کە سۆران کوڕێکى بێزەڕ و ئازار بووە و خەریکى کار ا پیشەی خۆی بووە و هیچ دوژمنایەتییەکى لەگەڵ کەس نەبووە، هەندێکى تریشیان دەڵێن کە پژاک داواى پارەیان لێ کردووە و ئەویش ئامادە نەبووە پارەیان پێ بدات و کوشتوویانە.
بە قسەى یەکێک لە دانیشتوانى هەوارگەکانی ژوونى، "پژاکەکانى پەکەکە لە چەندین شوێنى هەوارەکەمان بۆسە دادەنێنەوە و لەوێ دەمێننەوە و گیر بە خەڵک و گەشتیار و شاخەوانان دەدەن و کەلوپەل و پارە و خواردنیان لێ دەستێنن، ئێستا کەس ناوێرێت بەوێدا بڕوات و بە خەڵکى دەڵێن ئەمە خاکى هەموومانە و ئێمە لە هەر شوێنێک بین بۆمان جیاوازى نییە و کەس بۆى نییە بڵێ ئەمە هەوارى ئێمەیە و لە هەرکوێیەک مەیلمان بێت حوکم دەکەین و هەر شتێکیش پێمان خۆش بێت ئەنجامى دەدەین.
یەکێک لە ئەندامانى حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان باسى لەوە کرد کە "بە نەبوونى پێشمەرگەى حیزبەکانمان، چەکدارەکانى پەکەکە کە بە ناوى پژاکەوە لەوێن، دڵەڕاوکێیەکى گەورەیان دروست کردووە بۆ خەڵکى ناوچەکانى هەورامان و دەیانترسێنن و دەیانکوژن و سووکایەتییان پێ دەکەن، بۆیە ئەگەر فریاى ئەو ناوچەیە نەکەوین لەدەستمان دەچێت و مێشکى لاوەکانیش دەشۆنەوە کە ئەمە مەترسییەکى گەورەیە"، خەڵکەکەش ددان بەم ڕاستییەدا دەنێن و بەشێک لە تەراتێنى چەکدارە ڕێگرەکانى پژاک بۆ نەبوونى پێشمەرگەى حیزبە کوردییەکان دەگەڕێننەوە کە خۆیان لە نێو کەمپەکاندا پەراوێز خستووە.
هەوارى ژۆنى سەر بە بەشى ژاوەرۆى هەورامانە کە وەک هەوارى ڕوارییەکان و چەند گوندێکى دییکە سەیر دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە