پەیامی کورد... ڕوسیا فێڵی له فەرماندەی ڤاگنەر كردووه
ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی روسیا و سێ دەزگای هەواڵی سەرەکی روسیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاوییان کردەوە دۆسییەی تاوانی دژ بە فەرماندەی گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەری روسیا یەڤیگنی پریگۆژین لەسەر تۆمەتی یاخیبوون هێشتا کراوەیە و لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.
ڕۆژی شەممە سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتن بەڵێنیدا هەر یاخیبوونێکی ناپاکی لە ناوببات، ئەوەش دوای ئەوەی پریگۆژین وتی چەکدارەکانی ڤاگنەر کۆنتڕۆڵی شاری ڕۆستۆڤی باشووری روسیایان کردووە و بەرەو مۆسکۆ پێشڕەوی دەکەن، وتیشی مەبەست لەو کارەی لابردنی فەرماندە گەندەڵ و ئاست نزمەکانی روسیا بووە.
بەڵام دواتر بەپێی ڕێککەوتنێک کە سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ نێوەندگری تیادا کرد، چەکدارانی ڤاگنەر پێشڕەوییەکەیان بەرەو مۆسکۆ ڕاگرت و لە شاری ڕۆستۆڤ کشانەوە و گەڕانەوە بەرەو بنکەکانیان، پریگۆژینیش بڕیارە روسیا جێبهێڵێت و بەرەو بێلاڕووس بڕوات.
بەڵام ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی روسیا بڵاویکردەوە دۆسییەی تاوان دژ بە پریگۆژین هێشتا کراوەیە و لە چوارچێوەی دۆسییەکەدا دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی روسیا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی. ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە و وتی بەڵگەی تەواو نەبوون بۆ داخستنی دۆسییەکە.
سێ دەزگا هەواڵییە سەرەکییەکەی روسیا، تاس و ئاڕ ئای ئەی و ئینتەرفاکسیش بە هەمان شێوە بڵاوییان کردەوە دۆسییەکەی دژ بە پریگۆژین هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
تاس لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوی نزیک لە ئۆفیسی دەسەڵاتی دادوەری روسیاوە بڵاویکردەوە " دۆسییەی تاوان دژی پریگۆژین دانەخراوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە