پەیامی کورد... ئێران: ناوەڕاستی ئیسرائیل دەکەینە ئامانج
سەرۆککۆماری حکومەتی ئێران ئەمڕۆ بەشداری مارشێکی سەربازیی ئەرتەش بوو و وتارێکی پێشکەش کرد. ئەو مەراسیمە بەبۆنەی بەرز ڕاگرتنی یادی ڕۆژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو.
ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ وتی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بچووکترین جووڵەی ئیسرائیل لەدژی ئێران، بە هێرش بۆسەر ناوەڕاستی ئیسرائیل وەڵام دەدەنەوە.
ئەم هەڕەشە و بانگەشانەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتێک دایە کە ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر بنکە و ناوەندە جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
بۆ بوێنە، ئیسرائیل کۆتایی مانگی بەفرانباری ١٤٠٠ بنکەیەکی سوپای پاسدارانی کردە ئامانج لە پارێزگای کرماشان.
میدیا عەرەبییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دواتر خستیانە ڕوو، کە ئەو بنکەیە شوێنی شاردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنە جەنگییەکانی سوپا بووە.
سوپای پاسداران لە کاردانەوەدا بەو هێرشە، بەنیازی بە ئامانج گرتنی بنکەیەکی دەزگای هەواڵگریی "مۆساد"ی ئیسرائیلی، ١٢ مووشەکی ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد.
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوەدا بەم بانگەشەیەی کۆماری ئیسلامی، ڕەتیان کردەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەولێر بێت.
"ڕۆیتەرز" لەسەر زاری چەند بەرپرسی تورکیا و عێراقییەوە ئاشکرای کرد، سوپا هێرشی کردووەتە سەر هەولێر، چونکە وا بڕیارە پرۆژەی هەناردەی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا و ئەورووپا بە هاوکاری ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت.
بەپێی ئەو بەڵگە و ڕاپۆرتانەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای پاسداران لەو هێرشەدا ماڵی "شێخ باز کەریم بەرزەنجی" مووشەک باران کردووە، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای "کار گرووپ" و بازرگانێکی ناسراوی نەوتە لە هەرێمی کوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە