پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی : ئیتاڵیا و ڤاتیکان هاوسۆزێکی گەورەی گەلی کوردستانن
سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، ئیتاڵیا هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر دۆستانەی هەبووە بەرانبەر گەلی کوردستان.
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، ''قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگری زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە. هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
سەرۆک بارزانی ووتی، ''پەیامی من بۆ میدیاکارانی کوردستان ئەوەیە، بەرگری لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە تووندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چوونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.