پەیامی کورد- قامیشلۆ... قەدەغەی هاتووچۆ لە حەسەکە و قامیشلۆ ڕاگەینرا
لە چوارچێوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە ئەمڕۆ دووشەممە دەست پێدەکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) قەدەغەی گشتیی هاتووچۆیان لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان (کوردستانی سووریا) ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەلامەتیی دانیشتووان.
ئاساییش لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری حەسەکە ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها لە شاری قامیشلۆ ڕۆژی سێشەممە لە هەمان کاتدا دەسەپێنرێت.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختیان لە پێویستیی پابەندبوونی هاووڵاتییان بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە و ڕێنماییە دەرچووەکان کردەوە، و جەختیشیان کردەوە کە ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.