هۆکاری بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاشکرا دەکرێت

Dîroka Belavkirin :
هۆکاری بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاشکرا دەکرێت
پەیامی کورد    ...   هۆکاری بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاشکرا دەکرێت

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەڵێ، چەند ھۆکارێک وایان کرد نرخی دۆلار بەرز بێتەوە، بەڵام بەهای دۆلار جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوو، بۆیە ئەوانەی باس لەوە دەکەن نرخەکە زۆر بەرز دەبێتەوە، تەنیا بۆ شێواندنی بازاڕە، کە ھیچ بنەمایەکی نییە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە قازانج بکەن.

دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند : ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، خەڵکێک ھەیە پڕوپاگەندە بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرن و قازانج بکەن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە، سەری ساڵ بوو و بانکی ناوەندی کەمتر پارەی خستە بازاڕ و داواکارییش لەسەر دۆلار زۆر بوو، ئەمە نرخەکەی بەرز کردەوە و خاڵی دیکەش ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ بازرگانەکان بوو، کە نەتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندی بکڕن بەھۆی ڕێکارەکانەوە، ئەمەش وای کرد بچن لە بازاڕ دۆلار بکڕن، ئەگەرنا ھیچ ھۆکارێکی زانستی نییە دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرز ببێتەوە، بۆیە بەهای دۆلار لە ماوەیەکی کەم دا بۆ نرخی پێشتر دەگەڕێتەوە.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دوای پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و ھەبوونی بودجە، نرخی دۆلار بە تەواوی جێگیر دەبێت و وەکوو پێشتری لێ دێت، لە بانکی ناوەندی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار و لە بازاڕیش ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٤٠ ھەزار دینار، بۆیە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەکەی کاتییە و وەکو خۆی لێ دێتەوە، چوونکە ھیچ ھۆکارێکی وەها نییە نرخی دۆلار گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ئەوەی دەشکرێت ھەندێک جار ھەندێک ھۆکار بە کاتی وا دەکەن نرخەکە بەرز بێتەوە یاخود نزم بێتەوە، کە ئەوە بۆ کاتێکی دیاریکراوە و دواتر بۆ نرخی پێشوو دەگەڕێتەوە.