پەیامی کورد- کۆبانێ... کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە
دامەزراوەی ئاو لە کۆبانێ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پچڕانی ئاوی شارەکە نزیکەی ٢٠ ڕۆژە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە لە دامەزراوەی ئاو ڕایدەگەیەنین کە لە مێژووی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ەوە لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردا دەژین، کە تێیدا هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان پچڕاون".
ڕوونیشی کردەوە کە هۆکارە سەرەکییەکانی پچڕانی ئاو لە کۆبانێ بۆ بڕانی تەزووی کارەبا دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی پەمپکردنی ئاو بە شێوەیەکی تەواوەتی.
دامەزراوەی ئاوی کۆبانێ وتی: "ئەو ئاوارەوانەی کە هاتوونەتە ناو شارەکە، لە بارودۆخێکی بژێوی زۆر سەختدا دەژین لە سایەی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئاوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە چاککردنەوەی تۆڕی کارەبا و گەڕانەوەی تەزووی کارەبا دوو کاری پێویست و بەپەلەن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەینەتییە مرۆییەکان.
لە ٢٤ی مانگی ڕابردووشدا، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) ڕایگەیاندبوو کە شاری کۆبانێ لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە، و مەدەنییەکان مەترسیی کەمیی پێداویستییەکانیان لەسەرە.