سیروان بارزانی پێشوازی لە وەزیری پێشمەرگە کرد

سیروان بارزانی پێشوازی لە وەزیری پێشمەرگە کرد
پەیامی کورد   ...   سیروان بارزانی پێشوازی لە وەزیری پێشمەرگە کرد

وەزیری پێشمەرگە لە میحوەری گوێر-مەخموور دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پێشمەرگە ھەمیشە بەوپەڕی توانا و ھێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان.

چوارشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە یاوەری عەبدۆلخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت، بارەگای میحوەری ٦ـی ھێزەکانی پێشمەرگەیان لە ناوچەی گوێڕ- مەخموور بەسەر کردەوە.

بەپێی ڕاگەێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور و ئەندام و ئەفسەران و پلەدارانی میحوەرەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئەمنی سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە کرا، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە لەوەی، پێشمەرگە ھەمیشە بەوپەڕی توانا و ھێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا، ھەروەھا پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان.

وەزیری پێشمەرگە پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ بەرپرسی میحوەرەکە و ئەفسەران دووپات کردەوە.

لەلای خۆیەوە، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور ستایشی پاڵپشتی و پشتیوانی وەزیری پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: بەردەوامین لە پاراستنی ئارامی کوردستان، بە تایبەت لە سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور، ووتیشی: ھەمیشە پێشمەرگە دڵسۆزانە و لەخۆبووردوانە لە سەنگەری بەرگری و پارێزگاری خاکی کوردستاندایە