سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان : ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەدان شاندی جیهانی کردووە

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان : ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەدان شاندی جیهانی کردووە
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان : ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەدان شاندی جیهانی کردووە

دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کەرتی تایبەت بکاتە شەریکێکی ڕاستەقینەی حکوومەت بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێم؛ لەو بوارەش دا ئاسانکاری زۆری بۆ پێدانی مووڵەت و کارکردنی کەرتی تایبەت دابین کردووە."

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ووتیشی: تا ئێستا کەرتی تایبەت 161 هەزار دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ ڕەخساندووە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران دەرفەتی دیکە ئامادەن.

محەممەد شوکری، ڕاشیگەیاند "ئەمساڵ، دەستەی وەبەرهێنان بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس کرد و 'ماڵی کوردستانی' لەوێ دامەزراند. هەروا بە هاوکاری نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی هۆڵەندی گرێبەستی چەندان پرۆژەی کشتوکاڵییان مۆر کردووە و لەگەڵ کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیش گرێبەستی پرۆژەی ڕێکخستنەوە و پێش خستنی گەلی عەلی بەگ و تەلەفریکیان مۆر کردووە و ئەو پرۆژانە، ئێستا لە بواری جێبەجێ کردندان."

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: دەستەی وەبەرهێنان، هەر ئەمساڵ بۆ یەکەم جار، بەشداری لە گەورەترین پیشانگەی کشتوکاڵی جیهانی لە پاریس کرد و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکانی کوردستان بەرهەمەکانی خۆیانیان لەوێ نمایش کرد. جگە لەوەش، بەشدارییەکی کارامان لە پێشانگەی کشتوکاڵ لە ئیستانبووڵ کرد. هەروا بەشدارییەکی چالاکانە و کارامان لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لە ئەبوو زەبی و پیشانگەی خەلیج، لە دوبەی کرد. 

محەممەد شوکری، جەختی لەوەش کردەوە "ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەدان شاندی بیانی بازرگانی و ئابووری جیهانی کردووە  بۆ ئەوەی سوود لە هەلەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان ببینن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەش دا: لەم ساڵدا، بەردی بناغەی چەندان کارگە و پرۆژەی گەورەمان لە هەرێمی کوردستان داناوە، لەوانە: دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کارگەی کەرپووچ لە عێراق. کارگەی درووست کردنی ڕۆڵەی ئاسن، کە بڕیارە لە ماوەیەکی کەم دا بکەوێتە کار و پێداویستی ناوخۆ دابین بکات و هەناردەی دەرەوەش بکرێت. هەروا گەورەترین کارگەی درووست کردنی مەوادی خانوو و بەرە، کە کارگەیەکی زۆر گرینگ و پێویستە. 

محەممەد شوکری، لە کۆتایی قسەکانیدا ووتی : درووستکردن و دەست بەکاربوونی پرۆژەی 'مێگەل' بۆ دابین کردنی گۆشت و شیرمەنی، کە پرۆژەیەکی ستراتیژی گرینگە و هەلی کاری بۆ 500 کەس دابین کردووە، یەکێکە لە کارە گرینگەکانی دەستەی وەبەرهێنان."