وەزیری تەندرووستی : پێشکەوتنەکانمان وای کردووە لەجیاتی دەرەوە خەڵک لێرە چارەسەر وەردەگرن

Dîroka Belavkirin :
وەزیری تەندرووستی : پێشکەوتنەکانمان وای کردووە لەجیاتی دەرەوە خەڵک لێرە چارەسەر وەردەگرن
پەیامی کورد    ...   وەزیری تەندرووستی : پێشکەوتنەکانمان وای کردووە لەجیاتی دەرەوە خەڵک لێرە چارەسەر وەردەگرن

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، لەمساڵدا لە کەرتی تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی یەکجار گەورە نراوە و ساڵی گەڕاندنەوەی متمانەی ھاووڵاتیان بووە بە کەرتی تەندرووستی. دەشڵێ، ھەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە ناوەندێک بۆ چارەسەری نەخۆشان لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوەش.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ووتی، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە کەرتی تەندرووستی خزمەتێکی زۆر پێشکەشی خەڵکی خۆمان کراوە و ساڵی بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی تەندرووستی و کار و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، کە ھەنگاوی زۆر باش نراوە و ئەویش گەڕاندنەوە و بەھێزکردنی متمانە بوو بە دامودەزگا تەندرووستییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بووەتە ناوەندێکی چارەسەری بۆ نەخۆشان و ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان و خوشک و برایانمان لە تاراوگەشەوە دێنە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر.

پەیوەست بە کار و پڕۆژەکانی کەرتی تەندرووستی لەمساڵدا، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، چەندین نەخۆشخانە و بەشی گرینگ کراونەتەوە، کە پڕۆژەی ستراتیژی بوون، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و درێژەپێدەری چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، ئەمەش ھۆکاری سەرەکی گەڕاندنەوەی متمانەیە، کە بە شۆڕشی چاکسازی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەناسرێت.

بەرزنجی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا کەرتی تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان ھێندە پێشکەوتووە وای کردووە خەڵک لەجیاتی دەرەوە، لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر وەربگرن، بۆیە ساڵی بن بڕکردنی چەندین نەخۆشی بووە، وەکوو چارەسەری نەخۆشانی تالاسیما بە نموونە و هەروەها ساڵی گرینگیدان بە فریاکەوتنەکان بووە، لەگەڵ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ کەرتی گشتی، بە تایبەت نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشییە دەگمەنەکان.