پەیامی کورد ... سەرڕێژ بوونی هەردوو بەندئاوی خنس و سماقووڵی
هەردوو بەندئاوی خنس کە دووەمین گەورە بەندئاوی پارێزگای دهۆکە لەگەڵ بەندئاوی سماقووڵی، کە گەورەترین بەندئاوی سنووری قەزای کۆیەیە، بەهۆی باران بارینی چڕی ئەم دوایی یەوە بە تەواوی پڕبووە و سەرڕێژ بوون.
بەندئاوی خنس لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021 دەست بەجێبەجێ کردنی کرا و لە ساڵی 2022 تەواو کرا، بەندئاوەکە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و گرینگی بۆ كەرتی كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، كەرتی گەشتوگوزاری و ئاوی ژێر زەوی هەیە.
بەندئاوەکە لە جۆری خاکییە و دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك، بەرزییەکەی 34.5 مەتر و درێژییەکەشی 195 مەترە، دەرچەی ئاودەرەكەشی دوو بۆریی تیرە 90 و 50 سانتیمەتریین.
هەروەها ئامانجێکی دیکەی بەندئاوی خنس، بایەخ دانە بە کەرتی گەشتیاری لە سنووری شێخان و پارێزگای دهۆک.
هاوکات بەندئاوی سماقووڵی، کە گەورەترین بەندئاوی سنووری قەزای کۆیەیە، بەهۆی باران بارینی چڕی ئەم دوایی یەوە بە تەواوی پڕبووە و سەرڕێژی کرد.
ئەم بەندئاوە کە لە ساڵی 2017 درووست کراوە، توانای گلدانەوەی 8 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەرڕێژبوونی ئەم بەندئاوە گرینگییەکی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە، چوونکە لە خوارووی بەندئاوەکەدا هەزاران دۆنم زەوی چێندراو بە میوە و سەوزە هەن کە ڕاستەوخۆ سوود لە ئاوەکەی وەردەگرن.
