پەیامی کورد ... دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ : مەلا مەزهەر دەدەینە دادگا بێڕێزی بە ئافرەتان کردووە
پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر تاهیر بەرامبەر بێڕێزیکردن بە ئافرەتان
بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە ڕۆڵی ئافرەتی کەم کردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنها لە ماڵەوەیە.
ئەو ووتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینی یەکانە، وپێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجووڵێنێت و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە لەبەر ئەوەی ووتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی ١٤ی دستوری عێراقە کەئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو.
جگە لەوەش هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکیتی زانایان ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە.
بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەکەین و بەرز دەنرخێنین.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
١٢ / ١ / ٢٠٢٦