پەیامی کورد ... پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر ووتی، لە چوارچێوەی ئەو پارەیەی بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان کراوە، زیاتر لە ٢ملیار دینار بۆ ٩ پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگاوبان تەرخان کراوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە و ئێستا ڕێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی دەگیرێتە بەر.
عیماد موحەمەد، بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر، ڕایگەیاند : "لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەگومەژی زیاتر لە دوو ملیار دینار بە شێوەی بەڵێندەرایەتی ٩ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە بواری چاککردنەوە جێبەجێ دەکرێت و دەست بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنیان کراوە.''
عیماد موحەمەد ووتیشی: "ئەو پڕۆژانەمان بەسەر ھەموو قەزا و ناحیەکاندا دابەش کردووە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ڕێکارەکان تەواو بن دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، چوونکە حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر داوە و ئەو گوژمە پارەیەی بۆ تەرخان کراوە و ئەو ڕێگاوبانانەی پێویستیان پێی ھەبێت، نۆژەنیان دەکەینەوە."
موحەمەد باسی لەوەش کرد: "تەرخانکردنی ئەو پارەیەش لە چوارچێوەی ئەو ٢٨ملیار دینارەیە کە بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان کراوە و پشکی ئێمەشی لێ دەدرێت."
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ ھەموو پارێزگاکان لە ھەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، لەوانەش پارێزگای ھەولێر کە پشکەکەی ٢٨ملیار دینارە و بەسەر ھەموو کەرتەکاندا دابەش کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە