پەیامی کورد ... ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنییەکەی گەلی کوردستانی باشوور تێدەپەڕێت، کە بەو هۆیەشەوە سەدان ڕووداوی دڵ تەزێنی وەک شەهید کردنی هاووڵاتیان لە لایەن سەربازانی بەعسەوە شەهید کران و چەندین کارەساتی دیکەی دڵ تەزێن، کە بەو هۆیەوە بەسەر گەلی کورددا هات.
٢٨ ساڵ پێش ئێستا لە ٣١ی ٣ی ١٩٩١، ١٠ رۆژ دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی، وە تواندرا زۆبەری خاکی باشووری کوردستان لە دەست هێزەکانی سەر بە ڕژێمی بەعسی عێراق ئازاد بکرێت، دواتریش رژێمی بەعس هێرشێکی فراوانی زەمینی و ئاسمانیی کردە سەر کوردستان، لە ئەنجامیشدا کۆڕەوە ملیۆنییەکەی لێکەوتەوە.
دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێنی دیکتاتۆری لە سێدارەدراو، بە هەزاران تانک و زرێپۆش و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری سەربازی، هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی فراوانی کردە سەر شارەکانی کوردستان، لە بەرانبەریشدا، ملیۆنەها خەڵک لە کوردستانەوە، وەک نیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بە ژێردەستەیی بەعس، ماڵ و شارەکانی خۆیان بەجێهێشت و ڕوویان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کرد، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانیش لەو رۆژەدا بە دەستی سەربازانی بەعس شەهید کران.
هەروەها خەڵکێکی زۆریش، بە تایبەت ئافرەت و منداڵ و پیر و پەککەوتە، بوونە قوربانی، هەربۆیەشە ئەو رووداوە، بە یەکێ لە رووداوە هەژێنەرەکانی ئەو قۆناغەی باشووری کوردستان ناسێندراوە، هاوکات خاوەنڕایانیش پێیان وایە، کە کۆڕەوی خەڵکی باشوور گەورەترین ناڕەزایی و یاخیبوونی مەدەنییە، کە بەرانبەر بە داگیرکەر ئەنجام درابێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە