بەهۆی ئەو خیانەتەی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامیان دا و کەرکووک و خورماتوویان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە کەرکووکن و ڕێگە لە بەشداریی کورد لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/5/2018 و لە چوارچێوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێزێکی زۆریان لە بەردەم ئەو ناوەندانەی دەنگدان کۆکردووەتەوە کە کوردان تێیدا دەنگ دەدەن و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی دەنگدانیان دروست دەکەن. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو خیانەتەیە کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامیان دا.
عەقید ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک،ڕایگەیاند: ”دەنگدان بۆ تورکمان و عەرەبەکان زۆر ئاسایی تێدەپەڕێت، بەڵام بۆ کوردەکان، ڕێگری دەکرێت و هێزێکی زۆر لەپێش بنکەکانی دەنگدان کۆکراونەتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تائێستا ڕێژەی کورد لە دەنگدانی تایبەتدا زۆر لاوازە و هێزێکی زۆری دژە تیرۆری عێراق لەبەردەم بنکەکاندا کۆکراونەتەوە و ”حەشدی شەعبیشیان لەگەڵە کە لە ژێر ناوی دژە تیرۆر وەستاون“.
بەپێی زانیارییەکان تائێستا ڕێژەی دەنگدانی کورد زۆر لاوازە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە باڵێکی، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هەیە، هیچی شتێکی بۆ لادانی ڕێگرییەکە نەکردووە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری کەرکووکیان دا و داگیریان کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و نەجمەدین کەریم کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، ئاشکرایان کرد کە گرووپێک لەنێو یەکێتیدا خیانەتیان کردووە و بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان چۆڵ کردووە کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، ئەو گرووپە لەژێر فەرمانی لاهوور جەنگی و چەند کەسێکی دیکەی نزیک لە خۆی، کشاونەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە