ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، هۆکاری بەشداری نەکردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی ئاشکرا کرد.
دوای ئەوەی ڕۆژی ١٩\٥\٢٠١٨ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و چۆنییەتی بەشداریکردنیان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا کۆبوونەوە، ئەوەی جێی سەرنجی هاووڵاتییان بوو، بەشداری نەکردنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، و سەعدی پیرە، بوو.
لەوبارەیەوە ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەکە ، ڕایگەیاند: ”خاتوو هێرۆ تا نیوەی کۆبوونەوە لەگەڵمان بەشدار بوو، بەڵام دواتر بەهۆی ئیشێکەوە کۆبوونەوەکەی جێهێشت، ئەوەش پەیوەندی بە هیچ بابەتێکەوە نییە و هیچ لە گۆڕێ نییە، هەروەها باری تەندروستیشی جێگیرە“.
هاوکات سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیەوە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا ڕایگەیاند: ”من لە ئەڵمانیام و ئیشم هەبوو بۆیە بەشدار نەبووم“.
گوتەبێژەکەی یەکێتی گوتیشی: ”من سەرۆکی ئەو لێژنەیەم کە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دەکات، لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و لایەنەکانی دیکەش قسە دەکەین“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە