بەندکراوێکی سیاسی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

بەندکراوێکی سیاسی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

پەیامی کورد... بەندکراوێکی سیاسی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆڵ سەر بە شاری خۆی کە پێشتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ڕۆژی شەممە ١٨ی حوزەیرانی ٢٧٢٢ بە شێوەیەکی لەناکاو لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.

ڕێکخراوی هەنگاو لەوبارەوە ڕایگەیاندووە "ڕۆژی شەممە فیرووز مووسالوو بە بیانووی بانگکرانی بۆ لای لێژنەیەکی دەزگای داد بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی لە بەندی سیاسی براوەتە دەرەوە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە."

فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە، بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.

فیرووز مووسالوو دواجار مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دوای ٣٢ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگای «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە