پەیامی کورد ... بەڵگەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكەی شەنگال لە زیادبووندایە
بەرپرسی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی شەنگال لە پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، كۆكردنەوەی بەڵگەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكە لە زیادبووندان.
بریارە سبەی بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین كەسایەتی و وەزارەت و دەستە، یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال هەڵبدرێتەوە.
دادوەر ئەیمەن مستەفا، بەرپرسی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی شەنگال، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند : "كەیسی جینۆسایدی شەنگال پێویستی بە چەندین بەڵگە هەیە، ئێستاش كاری باشمان كردووە و بەڵگەی باشیشمان لە بەردەستە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییە گەورەیە".
ناوبراو گوتیشی: "لە كۆمەڵكوژییە گەورەكەدا، ٦٨ گۆڕی بەكۆمەڵ هەن، كە هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز و بەڵگەی زۆریشمان لە بەردەستدا دەبن بۆ ناساندنی ئەم كەیسە بە جیهان".
حەسۆ هۆرمی، شارەزا لە كەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزدیان ڕایگەیاند، ئێستا كاری باش لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی شەنگال كراوە و ئەوەی بەسەر ئێزدییاندا هاتووە بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە.
هەروەها ووتی : " لە چەندین پەرلەمانی ووڵاتانی دونیاوە دانیان بە جینۆساید ناساندنی ئێزدییاندا نراوە، بەڵام ئەوەی ماوە لە ڕووی یاساییەوە دانی پێدا بنێن، چوونكە لە رووی یاساییەوە گرنگە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە