بڕیاری نوێی قەدەغە ڕاگەیندرا

بڕیاری نوێی قەدەغە ڕاگەیندرا

پەیامی کورد     ...      بڕیاری نوێی قەدەغە ڕاگەیندرا

ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر  نوێی له‌باره‌ی خۆپارێزی له‌ ڤیرووسی كۆرۆنا ده‌ركرد و رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م  بازاڕ و دووكانه‌كان له‌كاتژمێر 12:00ی شه‌و تا 5:00ی به‌یانی داده‌خرێن، ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانیش بۆ 30%  كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و هه‌فتانه‌ش چوار رۆژ ده‌وام ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی د.عه‌لی ڕه‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبوه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.

ده‌قی بڕیاره‌كان:

له‌ كاتژمێر (12)ی ئه‌مشه‌و 11 له‌سه‌ر 12ی2020/7، بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ تاوه‌كوو كاتژمێر 12ی شه‌وی 18 له‌سه‌ر 19ی2020/7 ڕێكاره‌كان به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ ده‌بێت:-   
                                                                          
١-له‌ سنووری سه‌نته‌ری شار و سه‌رجه‌م قه‌زاكانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌كاتژمێر (12)ی شه‌و تاوه‌كو (5) به‌یانی، سه‌رجه‌م  بازاڕ و دووكان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییان كراوه‌ن داده‌خرێن، جگه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كان.                                                                                                                                              
٢- هاتووچۆ له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێر و پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌داخراوی ده‌مێنێته‌وه‌، جگه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ به‌یانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراون.     
 
٣-سه‌باره‌ت به‌ كه‌رنتینی ئه‌وانه‌ی له‌وڵاتانی تره‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر یان له‌ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر، ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ئه‌و رێكاره‌ ده‌گرێته‌به‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ووڵاتانی تره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ده‌بێت پشكنینی پشتڕاستكراوه‌یان له‌و شوێن و ووڵاته‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ هاتون لابێت و ماوه‌كه‌ی (48) كاتژمێری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕنه‌بووبێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك و تێچووی خۆیان پشكنییان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ڵێن نامه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت كه‌ بۆ ماوه‌ی (14) ڕۆژ له‌شوێنی حه‌وانه‌وه‌ یان ماڵه‌كه‌ی خۆیان كه‌ره‌نتین بكرێن.     
                                                                              
٤-سه‌باره‌ت به‌بازگه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندرووستی هه‌ولێر، سیسته‌مێكی بۆ پشكنین و چۆنیه‌تی هاتنه‌ ژوره‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌یانه‌وێت بێنه‌ هه‌ولێر داڕشتوه‌ و له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردن.        
                                                           
٥- ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا ته‌واوی ئه‌و گله‌یی و سه‌ر‌نج و ڕه‌خنه‌ و كه‌م و كوڕیانه‌ی هه‌بون سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ كۆرۆناو پاك و خاوێنی و خزمه‌تكردنی نه‌خۆشه‌كانی تاوتوێكرد و خستیه‌ به‌رباس، دڵنییای ده‌ده‌ینه‌ هه‌مو لایه‌ك‌ به‌ زوترین كات هه‌ر گرفت و كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.        

   ٦- چێشتخانه‌كان به‌ پابه‌ندبون به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان و بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شت گوزار كراوه‌ده‌بن، هه‌ر چێشتخانه‌یه‌ك ئه‌و مه‌رجه‌ ته‌ندروستییانه‌ی بۆیان دیاركراوه‌ جێبه‌جێیان نه‌كات شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت.
                                    
٧- به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیرووسی كۆرۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ شاری هه‌ولێر و مه‌ترسی داری دۆخه‌كه‌ (مزگه‌وت، كڵێسا، شوێنه‌ ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان، هۆڵی بۆنه‌ ئاینییه‌كان) به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ و پرسه‌ دانان و چوونه‌ سه‌رقه‌بران قه‌ده‌غه‌یه‌. 
                                                      
8-ئه‌م شوێنانه‌ش به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ (هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بوك گواستنه‌وه‌، یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، مه‌له‌وانگه‌، هۆڵه‌كه‌كانی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، گه‌رماو (حه‌مام)، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج).                                                                 
                                                                                                                                                                                9- سارده‌مه‌نی، چایه‌خانه‌، ڕیستۆرانتی باخچه‌كان، سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی هاوشێوه‌یان، ده‌بێت ته‌نها به‌ كه‌ل و په‌لی سه‌فه‌ری كه‌ بۆ یه‌ك جار به‌كارده‌هێنرێت كاربكه‌ن و ڕه‌چاوی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌یان داده‌خرێت بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت.  
                                                                                                                                                                                  
10-له‌ رۆژانی هه‌ینی (بازاڕه‌ میللیه‌كان، گۆڕه‌پانه‌كانی باڵنده‌، پیشانگاكانی ئۆتۆمۆبێل) به‌ته‌واوی داده‌خرێن و هاتوچۆكردن لێیان قه‌ده‌غه‌یه‌.                           

11-ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان، جگه‌ له‌ (ته‌ندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان)، به‌سیسته‌می شه‌فتات و به‌ڕێژه‌ی له‌ 30% ده‌بێت له‌ڕۆژانی (یه‌ك شه‌ممه‌ تاوه‌كو چوارشه‌ممه‌)، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ كاتی ده‌وام (ده‌مامك)ی نه‌به‌ستابێت رێكاری كارگێری به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نیه‌ بچێته‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك قه‌ره‌بالغی تێدا دروستبێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌وام له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ڕاده‌گرین، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌شی جێنشینی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێرن و ده‌وامییان له‌ناوی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێره‌، پێویست ناكات ده‌وام بكه‌ن.                                                                                                           

12-له‌ هه‌ر شوێنێكی بازرگانی و بازار و دوكان و ماركێت و مۆڵ و چێشتخانه‌یه‌ك رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن، ده‌ست به‌جێ ئه‌م شوێنه‌ داده‌خرێت، بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك‌ كه‌متر نه‌بێت.    
                          
13-كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌ و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ پزیشكییه‌كان ئاره‌زومه‌ندانه‌ ده‌بێت و ئه‌وانه‌شی كراوه‌ ده‌بن ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ یان تێدابێت:
                                                                                                                            
ـ كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌كان له‌ كاتژمێر 3:00ی دوای نیوه‌ڕۆ بۆ 8:00ی ئێواره‌ ده‌بێت. 
                                                                                                                                                                                                                                  
ـ له‌ هۆڵی چاوه‌ڕوانی له‌ چوار نه‌خۆش زیاتری لێ نه‌بێت و نێوانی هه‌ر یه‌كه‌یان دوومه‌تر كه‌متر نه‌بێت.                                                                                                                                                  
ـ پزیشك ده‌ستكێشی له‌ده‌ست بێ و (ده‌مامك) ببه‌ستبێ.  
                                                                                    
ـ نه‌خۆش یه‌ك هه‌واڵی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌بێت و هه‌ردوكیان (ده‌مامك)یان به‌ستابێ. 
                                                                                                                                                                                                                               
ـ  ڕۆژانه‌ نۆڕینگه‌ و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگاكان (تعقیم) بكرێن.          
                                           
ـ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌(كاتژمێر 3:00 بۆ 7:00) له‌  (10) نه‌خۆش زیاتر نه‌بینرێت. 

14- ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو ده‌درێت به‌ سه‌رجه‌م قایمقامه‌كان بۆ به‌رگرتن له‌ كۆرۆنا و جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی، هه‌ر بڕیارێك له‌ سنوری قه‌زاكه‌یان بیده‌ن و له‌ كاتی پێویستیش بۆیان هه‌یه‌ له‌سنووری قه‌زاكه‌یان كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی ڕابگه‌یه‌نن.
                                                                    
15- ئه‌م بڕیارانه‌ له‌كاتژمێر 12ی شه‌وی 11 له‌سه‌ر12 ئه‌م مانگه‌وه‌، ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ تاوه‌كو كاتژمێر 12ی شه‌وی  18 له‌سه‌ر 19ی ته‌موزی 2020

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە