پەیامی کورد ... بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/15 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بووژاندنەوە و گەشەپێدانی وەبەرھێنان و نەهێشتنی ڕووتین و درووستکردنی پۆرتاڵێکی تایبەت بۆ زوو ڕاییکردنی کاری وەبەرھێنەران و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوو تەواونەکراوەکان و دانانی میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی گۆڕینی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان، تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ، کاریکردووە لە پێناو فراوانکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لە ڕێگەی داڕشتنەوە و هەموارکردنی یاساکانی وەبەرهێنان و برەودان بە خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی ، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت و بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت .
لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین بڕیار لە بارەی گەشەپێدانی وەبەرھێنان و ڕێکخستنەوەی پێدانی مووڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە