پەیامی کورد …. پیرانشار/ هاووڵاتییەک دوای بریندار کران دەستبەسەر کرا
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریان دایە بەر دەستڕێژی گولە و دواتر دەستبەسەریان کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکیان بە ناوی هیوا موسازاده دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا موسازاده لەکاتێکدا خەریکی لێخوڕینی ماتۆر بووە لە ناو گوندی “خەراپه” کە لە نزیک سنوور هەڵکەوتووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەقەی لێکراوە و دواتر دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوە وتیشی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ جۆرە ئاگادار کردنەوەیەک تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردەوە و لاقی پێکراوە. جێگای ئاماژەیە کە هیوا موسازاده لەکاتی دەستبەسەر کران سەرباری بریندار بوونی لەلایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی هیوا موسازاده و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە