پەیامی کورد ... *ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووڵامی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا دەداتەوە "
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤیرووسی کۆرۆنا و خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی رێکارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن کە لە پێش زۆر ووڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو رێکارانە و پشتیوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبووایە ئێستا دۆخی تەندرووستی زۆر مەترسیدار بوو . کەچی ئالەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی ئەم حکومەتە بکەن کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر رێکارەکان داوە . کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە .
بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی کردووە کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە . سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە !
سەبارەت بەو یەک ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە . ئێمەش لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەی کۆنە وەزیرێکی سەر بەحزبوڵڵا بوو. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت راست نییە . بەڵکو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە . بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی تر دەکەین ئەگەر بەدواداچوون بکەن و راستییەکان بۆ خەڵک روونبکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدەکردن و چەواشەکردنی خەڵک . ئێمە وەک هەموو ووڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی.
د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/27
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە