"تەواوی بەڵگەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتوبەر دەخرێتە بەردەستی لیژنەکە"

"تەواوی بەڵگەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتوبەر دەخرێتە بەردەستی لیژنەکە"

پاش ئەوەی لاهۆر جەنگی داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەبارەی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتوبەر، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پاڵ داواکردنی پێکهێنانی لێژنەکە، چەند زانیارییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات.

 

لە یاداشتێکدا فەرسەت سۆفی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری کردووە، بەهۆی سەرنەگرتنی هەوڵەکانی پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لێژنەیەک پێک بهێنن کە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و داواکاری گشتی تێیدا ئامادە بن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”ئەم لیژنەیە بۆ دەسکەوتنی بەڵگە و دیکۆمێنت و گەیشتن بە راستیەکان کەمترین کات و ماندووبوونی پێویستە، چونکە لێدوانی کەناڵەکانی راگەیاندن و بەیاننامەکان کە وەک باران دادەبارین بۆ وەڵامی زۆر پرسیار یەکلاکەرەوەن. سەردانەکان بۆ لای بەرپرسی گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی و گرێدانی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکان خۆیان دەدوێن و پێم وانیە تەحلیل و تەفسیر ھەڵبگرن“.

دەقی یاداشتەکە:

بەڕێزان: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی

ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری

سڵاو رێز:

ھەرچەندە ھەوڵی زۆرمان دا لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە تایبەت بە شازدەی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دوایی پێکبھێنرێت, بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکرا, ئەگەر بشگەڕێینەوە پرۆتۆکۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمان زۆر بە روونی دیارە کە کێ لە گەڵ ئەمە نەبووەو چۆنیش نەھێڵدرا ئەم لیژنەیە پێک بێت و تەنھا تایبەت کرا بە رەوشی دوزخورماتوو.

بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی ھەرسێ سەرۆکایەتی بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی گەڕان بەدوای راستیەکان(لێکۆڵینەوە) بدەن بە سەرۆکایەتی ئەندامێکی دادگای تەمیزو ئەندامێتی ھەر یەک لە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆو ئەنجومەنی ئاسایش و داواکاری گشتی.

پێمان وایە ئەم لیژنەیە بۆ دەسکەوتنی بەڵگەو دیکۆمێنت و گەیشتن بە راستیەکان کەمترین کات و ماندوو بوونی پێویستە, چونکە لێدوانی کەناڵەکانی راگەیاندن و بەیاننامەکان کە وەک باران دادەبارین بۆ وەڵامی زۆر پرسیار یەکلاکەرەوەن. سەردانەکان بۆ لای بەرپرسی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی و گرێدانی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکان خۆیان دەدوێن و پێم وانیە تەحلیل و تەفسیر ھەڵبگرن.

بەیاننامەو لێدوانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فەرماندە سەربازیەکان و پێشمەرگەکان ئەرکی لیژنەکە ئاسانتر دەکەن. کشانەوە لە دوازدە لیوای ھاوبەش لە شەو رۆژێک و خۆ بە دوورگرتن لە شەری بەرگری و خستنە گەڕی ماکینەی ئیعلامی بۆ شکاندنی ورەی پێشمەرگە پرسیاری زۆر ھەڵناگرێت. دەرچوونی نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر بە پێدانی بیست ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە پاڵاوگەیەک لە خزمەتی کارئاسانی لیژنەکە دەبێت. لێدوانە دژ بەیەکەکان و ھەوڵەکانی دابەشکردنەوەی کوردستان و دەقی رێکەوتنەکان پارێزراون و بۆ لیژنەکە سوودیان دەبێت. خۆ ناشکرێت سوپاس و ستایشی سەرۆک وەزیران و سەرکردەکانی ئێران و حەشدی شەعبی نادیدە بگرین کە بە لێشاو تەقدیری مەوقفی پاشەکشەو تەسلیم کردنی کەرکوکیان دەکرد.

ئەمانە ئەو بەڵگەو دیکۆمێنتانەن کە بە خۆیان ھاوار دەکەن و کەمترین ماندوو بوونیشی ناوێت. بەڵام زۆریشن ئەو دانیشتن و رێکەوتننانەی کە پێش کۆبوونەوەی دوکان ئەنجام دران و ئێمە کات و شوێن و ناوەرۆک و لایەنە بەشدارەکانیشی دەزانین. تەواوی ووردەکاری پیلانەکەو رۆڵی وڵاتانی ھەرێمیش زانراوەو ھەر کات لیژنەکە پێک ھات بە ئامادەکراوی دەخرێتە بەردەستیان.

زۆر گرنگە ئەمەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا ھەروا بە ئاسانی تێپەر نەکات, بۆ ئەوەی چیتر نیشتمان فرۆشتن بە نیشتمان پەروەری پێمان نەفرۆشرێتەوە.

 

رێزوتەقدیرم قبوڵ بکەن…

 

د. فەرسەت سۆفی

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

١٩ی ئاداری ٢٠١٨

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە