داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ‌ مانگی دیكە درێژكرایەوە

داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ‌ مانگی دیكە درێژكرایەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر " تەلارفایەق " ،ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ 31-5-2018 درێژکرایەوە.

ووتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە‌ و گەیاندن ئۆمێد محەممەد ساڵح، لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پاڵپشت بەو هەنگاوانەی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق ناویانە بۆ نزیکبوونەوە لە یەک ‌و چارەسەری گرفتەكان، چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ماوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ‌ مانگی دیكە درێژبكرێتەوە".

ئۆمێد محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد "بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەکان بۆ سێ‌ مانگی دیكەیە و، مەرج نییە ئەو ماوەیەش تەواو بێت، ئەوکاتە " مەرج نییە داخستنەكە تاوەكو كۆتایی مانگی پێنج بێت "


هەروەها ڕەتیشیكردەوە داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان بۆ چەند مانگێك ببێتە هۆكاری ئەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر ‌و سلێمانی سیفەتی نێودەوڵەتیبوونیان لەدەست بدەن ‌و گوتی "پێدانی ناسنامەی نێودەوڵەتی بە هەر فڕۆكەخانەیەك، بەپێی كۆمەڵێك پێوەرە، کە رێكخراوی فڕۆكەوانی جیهانی دیاریدەكات، نەوەک بە پێی هەژماری کار کردنی فڕۆکەخانە و سەفەری نێودەوڵەتی بێت ".

لە 25-9-2017 بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان ، حكومەتی عێراق وێڕای هێرشكردن و دەستبەسەرداگرتنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکیشی بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێی کردن، یەكێك لەوانە قەدەخەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بوو..

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە