بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا هێزە عێراقییەكان بوونیان لەناو مەخموور هەیە، بۆیە دوای گەڕانەوەی ئیدارەی مەخموور، داوا كراوە ئەو هێزانە ببردرێنە دەرەوەی شار.
حەفتەی رابرد، دوای كردنەوەی رێگای هەولێر – مەخموور، ئیدارەی شارۆچكەكە گەڕانەوە بۆ شارەكە و دەستیان بە دەوام و ئیشوكاری فەرمیی خۆیان كردەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هێزێكی زۆری سەربازی لەناو شار هەیە و نەچوونەتە دەرەوەی شار، ئەمەیش بووەتە رێگر لە بەردەم ئەوەی دەزگا ئیدارییەكان كاری خۆیان ئەنجام بدەن.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور، راگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هێزێكی زۆری عێراقی هێنرابوون بۆ ناو مەخموور و بەشێك لە خانووی هاووڵاتیان و هەندێك بارەگایان داگیر كردووە، بۆیە دوای گەڕانەوەی ئیدارەی شارەكە، تاوەكوئێستا هێزەكان هەر ماون و، ئیدارەی شارەكەیش داوای دەرچوونی هێزەكە بۆ دەرەوەی شار دەكەن، چونكە بوونەتە رێگر لە بەردەم ئەوەی ئیشوكاری خۆیان بكەن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت هێزەكان دەربكرێن بۆ دەرەوەی شار، تا دەست بە كاری خۆیان بكەن".
عەبدوڵڵا گوتیشی، ناكرێت هێزی سەربازی لەناو مەخموور هەبێت و پێویستە دۆسیەی ئەمنی رادەستی هێزەكانی دیكەی ناوخۆیی بكرێت، بۆ ئەوەی دەزگا خزمەتگوزارییەكان بتوانن كاری خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن، بۆیە چاوەڕێی دەركردنی هێزەكان دەكرێ".
لەبارەی گەڕانەوەی ئەوانیش بۆ ناو شار، ئەو گوتی: "تاوەكو ئێستا چەند بارەگایەكی ئێمە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە داگیر كراون و چۆڵ نەكراون، بۆ گەڕانەوەیش چاوەڕێی ئەوە دەكەین رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بكرێت، دواتر ئێمەیش دەگەڕێینەوە".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "نەگەڕانەوەمان لە ئێستادا، هیچ كاریگەرییەكی بەسەر هەڵبژاردنەكانەوە نابێت بۆ ئێمە، چونكە رێگای دیكە هەن تا كاری خۆمان ئەنجام بدەین".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە